Home > ژنانی سەرکەوتووی جیهان > مەرزیە، ئەو زەریایەی زوو لە هەژان کەوت

مەرزیە، ئەو زەریایەی زوو لە هەژان کەوت

ئێوە زەریان گەر بھەژێن

بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن

دەسا ھەستن ئەی بێبەشان

بۆ مافی یەکسان شان بەشان

مەرزیەی فەریقی ساڵی ١٩٥٨ زاینی لە شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، بەڵام دایک و باوک و کەس و کاری خەڵکی شاری سنەن. خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێکردووە، ھەر لەتەمەنی ٩ ساڵانەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە. چەندین جار لە مەدرەسەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا، بەشداری کردوە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.

‌سەرەتا “مەرزیە”  بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی (گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کوردستانی رۆژھەڵات) دەستی بە تێکۆشان کردووە. بەڵام لەبەر زوڵم و زۆرێک کە حکوومەتی حاکم لە ‌کورد و زمان و ئەدەب و ھونەری کوردی دەکرد، وازی لە گۆرانی فارسی ھێناوەو گوتنی گۆرانی کوردی لەپێش گرتووە.

مەرزیە دوای تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچووک و دەرەتان بۆ خوێندن کەم بوو، دەچێتە شاری سنە. لەوێ دەڕواتە زانستە ئامادەیی و خوێندنی مامۆستایەتی تەواو دەکا. ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی مۆسیقای سنە چەندین جار چۆتە سەر شانۆ و گۆرانی گووتوە. پاش تەواو کردنی ئەو دەورەیە لە سنە، دەگەڕێتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە بووەتە مامۆستای ئەو گوندە. مەرزیە پاش دوو ساڵ دەرس گوتنەوە گوێزراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە مەدرسەی سەرەتایی دامەرزاوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کردووە.

ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی زەماوەند دەکا، بەڵام لەبەر سەرداھاتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، چونکە ‌لەگەڵ ناسر شانبەشان لەخۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شای دەرکراو، خەباتی کردووە دەکەوێتە چاوەدێریی. کە ‌کۆماری ئیسلامی دێتەسەر کار، لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ رزگاریی کوردستان ھەر درێژە ‌پێداوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوە و بۆ ماوەیەکی کورت کەوتۆتە ‌بەندیخانەو کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سێندراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامی شارەکانی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لە بەر راوەدووونان و گرتن نەیتوانی لە شار دا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە. مەرزیە لە گەڵ ناسر و دوومنداڵیان دڵنیا و ماردین شانبەشان لە چیا، لە شۆڕشی کوردستان دا لەناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خەباتیان کردووە. ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا لە ناو کۆڕی بانگەواز دا کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی نیشتمانیی و شۆڕشگێڕییان بڵاو کردۆتەوە کە ‌بوونە‌تە وێردی سەر زاری پێشمەرگەو خەڵک و رادێوکانی شۆڕشی کوردستان. بەداخەوە لە ١٨/٥/٢٠٠٥ لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد.

چەند گۆرانی مەرزیە فەریقی

لانکۆڵێ

لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لەدار ھەنارێ

وەستا بێ لەتارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ

دەڵێ لەلانێکدا نانوم دەبا بۆی سازکەم جۆڵانێ

ھەی رۆڵەسەر دڵ خڕبی باب مردووبی، شەو درەنگەبۆ جێژوانێ

تاوە ‌رۆژی رووناکە ‌ھەموو عالەم دەیزانێ

قەت نەبوو بڵێ دانیشین تۆزێک بکەن ڕاو تەگبیر

سەد لەعنەت لەو کەسەی بێ دەس لەباڵات بکا گیر

جا چی بوو ماڵەبابم ئەتۆ جحێڵەو ئەمن پیر

ئەو قورعانەی بتگرێ ھێنات لێکت کردووە

سێ جار دەستت پێدادا بۆ مزگەوتت بردەوە

بۆ خۆت کەیفم بۆ دەکەی بەدەم داخ و دەردەوە

دەستەو ئەژنۆت داناوم بەھەناسەی سەردەوە

لانک لانک لانکۆڵێ ، لانک لەدار ھەنارێ

وەستا بێ لەتارانێ ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ

دەڵێ لەلانێکدا نانوم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ

ھەی رۆڵەسەر دڵ خڕ بی باب مردووبی، شەو درەنگەبۆ جێ ژوانێ

تاوە رۆژی رووناکە ‌ھەموو عالەم دەیزانێ

سڵاو بۆ پێشمەرگە

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش

پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

لەدەوری دەست و تفەنگت گەڕێم کەڕۆژی خەبات

لەئاستی ھەڵمەتی تیژت چ ئاگرێ بەرگە

ئەوێستەتۆی لەشەوی تار مۆمی ھەڵگیرساو

لەنێو دڵی شەوەزەنگا وەکوو گڕێک راساو

کە ‌ڕاتشەکاندووە ‌ئاڵا بەدەستی خاراوت

دەگەی لەکۆسپ و بوواران بەھەستی پاراوت

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش

پڵنگی ھەردی ووڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

ژنان

ژن ئەی مایەو ماک و ھەوێن

ئێوە زەریان گەر بھەژێن

بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن

دەسا ھەستن ئەی بێبەشان

بۆ مافی یەکسان شان بەشان

ئەی ژنانی دایکی زەوین

ئەی ژنانی ڕەنج و کەوین

ئەی ژنانی زام و ئەوین

ئەستێرەمان لەئێوەزا

گەردنتانا شەو چرا

مێژووی ئێوە جیھانی بوو

زامی ئێوە ‌بارانی بوو

دژی ئێوە ‌نەزانی بوو

دەسا ھەستن ئەی بێبەشان

بۆ مافی یەکسان شان بەشان

باڵاتان باڵای وڵاتە

سنگتان کەلی ڕۆژ ھەڵاتە

بوونات ڕۆژی پڕ لەھاتە

ئەستێرەمان لەئێوەزا

گەردنتانەشەو چرا

ئەم سرودە، ھۆنراوەی شێرکۆ بێکەسە، مەرزیەی فەریقی بەبۆنەی ٨ی مارچ (ڕۆژی جیھانی ژن) لە میدیا تی ڤی بڵاوی کردەوە. ژنە ھۆنەرمەندی کورد مەرزیە فەریقی جیاواز ، لە کاری ھونەری وەکوو ژنێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ژنان لەدەرەوەی وڵات لەبەرانبەر مەسەلەی مافی ژن چالاکانە بەشداری کردووە. مەرزیە لە ‌دەرەوەی وڵات ئەندامی کۆمەڵەی مافی پاراستنی منداڵان لەسوید بوو.

ھونەری مەرزیەی فەریقی

مەرزیەی فەریقی یەکەمین گۆرانی کوردی کە تۆماری کرد گۆرانی “لەسەر کانی دێتەوە ‌لێو بەکەنی و گۆزەبەشانەوە بوو”. مەرزیە فەریقی زۆر حەزی بەبیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی و زیاتر حەزی بە گۆرانییەکانی ھونەرمەندان “کەریم کابان و قادر کابانی” کردووە.

یەکەمین سرودێک کە مەرزیە، تۆماری کرد سرودی “سڵاو بۆ پێشمەرگە” بوو. دوای ئەوە گۆرانی “گیانەکەم بەئاسمانی شین” ئەم گۆرانییە ‌ھۆنەرمەندی گەورەی کورد عەزیز شاھرۆخ گووتەیەتی بەڵام مەرزیە دەسکاری شیعرەکانی کردووە و لە قالبی شۆڕشگێڕی دا وتوویە. دوای ئەوە ‌گۆرانی ماچی خودایی و گۆرانی مەرزیەی فەریقی پاییز ئەمانە ‌ھەموویان دیاری سەردەمی پێشمەرگایەتین. دەتوانین بڵێین کە مەرزیە یەکەمین گۆرانیبێژی ژن بوو کە سرودی تۆمار کردووە.

مەرزیە ‌بەر لەوەی کە ببێ بەھاوسەری ناسر، لەسەردەمی شا دا، لە ‌سنە ‌لەگەڵ فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە گۆرانی گوتووە، بەڵام لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی دا کەتێکۆشانی ھونەری بۆ ژن قەدەخەبووە، وازی لەکاری ھۆنەری ھێناوە، بەڵام وەک باس کرا، لەشاخ کاری ھونەری دەس پێکردۆتەوە، بەداخەوە لە شاخ لەبەر نەبوونی دەرەتانی ھونەری و ھەڵگۆزو داگۆزی پێشمەرگایەتی و چەندین ھۆکاری دیکە، ناچار لەگەڵ ناسر و منداڵەکانی وازیان لەپێشمەرگایەتی ھێناوە و ساڵی ١٩٨٥ ھاتوونەتە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماونەتەوە. مەرزیە ‌لە سوید بووەبەخاوەن کوڕێکی دیکە بەناوی “کاردۆ” .

سەرەتا مەرزیە ‌لەگەڵ ناسر لە سوید و ئورووپا، کاری ھۆنەری دەست پێکردۆتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەکاردۆ منداڵ بووە، بۆ ماوەیەک وازی لەکاری ھۆنەری ھێناوە. مەرزیە ساڵی ١٩٩٤ دیسان کاری ھونەری کردۆتەوەو لەگەڵ ناسر (سی دی) یەکی تۆمار کردووە کەچەند گۆرانی تازەی تێدا بڵاو کردۆتەوە. ئەوسا دواتر لەگەڵ ناسر لە سوید، ئیتالیا، ئاڵمان، سویس، بەلژیک، ئینگلیس، دانمارک، فینلاند، ئوتریش، کانادا، ئوسترالیا و ئامریکا لە ‌ئاھەنگ و بەرنامەدا بەشداری کردووەتەوە، مەرزیە ‌کاری ھونەری خۆی لەوێ درێژەپێداوە و بۆ خزمەت بەمافی ژنیش ھەنگاوی ھەڵگرتووە و کۆتایی نەکردووە.

یەکەم گۆرانیبێژی ژنە کە توانیوەتی بە چوار زاراوە ” ھەورامی، کورمانجی، کەلھۆڕی و سۆرانی ”  ‌گۆرانی بڵێ.

سەرچاوە:

ماڵپەڕی ویکیپیدیا

ماڵپەری تروسکە پریس

About these ads
  1. No comments yet.
  1. No trackbacks yet.

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Follow

Get every new post delivered to your Inbox.

Join 1,352 other followers

%d bloggers like this: