پیاوانی هۆزه‌که‌م/ نەزەند بەگیخانی
پیاوانی هۆزه‌که‌م شه‌وانه به‌رماڵی سپی له سه‌ر رانی ژنه‌کانیان راده‌خه‌ن و ده‌روێشانه رۆحه ئههریمهنهکانیان دهپژێننه ناو په‌رستگاکانی له‌ش
هه‌رگیز بیر له جوانی ناکه‌نه‌وه پیاوانی هۆزه‌که‌م
ژنانی پیاوانی هۆزه‌که‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی رووسپیهتی خۆیان توند توند له بوخچه‌ی یهخدانه دێرینه‌کان هه‌ڵگرتووه و له ژێر سێبه‌ری دژواری مێرده‌کانیان رۆژانه سێبوری ده‌چێنن و چه‌مه‌ر ده‌چننه‌وه
ژیانی ژنانی پیاوانی هۆزه‌که‌م ژێی بوونێکی نه‌زۆکه
مێرده‌کان ئاوازی شه‌هوه‌تی له‌سه‌ر ساز ده‌که‌ن
دڵی ژنانی پیاوانی هۆزه‌که‌م پێخه‌فێکی ههوراويیه و مێرده‌کان تیایدا خه‌ون ده‌بینن، چێژ ده‌بینن، جوانی نابینن
پیاوانی هۆزه‌که‌م بروسکه‌ی ئاسمانی ژنه‌کانیان ده‌دزن و ناخوازن بارانێکی پێغه‌مبه‌رانه پاوانی جه‌سته سیاساڵهکانیان ره‌نگ بکات
هه‌رگیز له جوانی ورد نابنه‌وه پیاوانی هۆزه‌که‌م
ژنه‌کانیان ده‌بن به دایک و بیر له کچێنی کچه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه
ژنانی پیاوانی هۆزه‌که‌م ساویلکانه ده‌ست ده‌کوتن و له که‌لێنه پووکاوهکانی ژینیان شه‌رم و گومان سهرچن ده‌که‌ن و له خه‌زێنه‌ی ژنایهتیان هه‌ڵیده‌گرن بۆ جیازی بووکێنی کچه‌کانیان
پیاوه‌کان ده‌بن به باوک و بیر له کوڕه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه
پیاوانی هۆزه‌که‌م به‌فیزه وه ده‌ست درێژ ده‌که‌ن و له که‌لێنه ته‌ڕه‌کانی له‌شیان قه‌فه هێز و قه‌فه شه‌ڕه‌ف ده‌ڕننه‌وه و ده‌یکه‌ن به موڵکی کوڕه‌کانیان
کچ و کوڕانی هۆزه‌که‌م سه‌ره‌تا به ئاوه‌ز و پیرۆز بوون
ئاشنای ره‌نگی شه‌و و باڵای به‌فر نه‌بوون
پاشنیوهڕۆیهک کۆشیان پڕ کرد له ناز و تاجی سپهییان له‌سه‌ر نا، له باخچهکەیان تریقانه‌وه و گهززهیان له دڵگیرترین میوه‌دا
ئێواره گرمه‌ی هه‌نگاوه قورسه‌کانی پیاوانی هۆزه‌که‌م ئه‌ندێشه‌ی باخچه بهههشتییهکهیانی هه‌ژاند و تامه‌زرۆیی پێکهوهبوونییانی ره‌وانده‌وه
جوانیيان راچڵه‌کی و زرمه‌ی هات
بوو به کهستهكێکی ره‌ش جوانی
که‌سته‌کی ره‌ش بوو به قیبله‌ی پیاوانی هۆزه‌که‌م
کڕنووشه بۆ رۆچوون و تۆرانه له بوون ژیانی پیاوانی هۆزه‌که‌م
ژنانی پیاوانی هۆزه‌که‌م وه‌ک په‌پووله ده‌ڕژێنه نزرگاکان و له‌بن کێلی ئه‌سحابان چلدانه ده‌گرنه‌وه
مێرده‌کانیش له‌سه‌ر لاشه‌ی ره‌شی جوانی که‌زی شه‌پۆڕ و شین و شه‌هوه‌ت په‌خشان ده‌که‌ن
هه‌رگیز بیر له جوانی ناکه‌نه‌وه پیاوانی هۆزه‌که‌م.
لە دیوانی زەنگوڵی وتن – وە، چاپخانەی رانج، سلێمانی، ٢٠٠٧